رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی هاوئاهەنگی کاروباری سنووری لە پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، هاتووچۆی کۆڵبەران لە دەروازەی سنووریی تەمەرچیان - حاجی ئۆمەران لەمڕۆوە بۆ سێ رۆژ رادەگیرێ. گوتەبێژی دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێ، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی دەبێت.
دەروازەی تەمەرچیان کە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە بە حاجی ئۆمەران ناسراوە، لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و بەفربارین و بۆ "سەلامەتیی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، رێگریکردن لە روودانی رووداو و بەڕێوەبردنی باشتری هاتووچۆی گەشتیاران لە رۆژانی پشووی سەری ساڵدا" سێ رۆژ هاتووچۆی کۆڵبەری رادەگیرێ.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە ئێران بڕیاریداوە بۆ سێ رۆژ لە دیوی خۆیەوە هاتووچۆی کۆڵبەری رابگرێ و پەیوەندی بە دیوی هەرێمی کوردستانەوە نییە".
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتی: "دەروازەکە بەشێوەی 24 کاژێری کراوەیە و گەشتیاران و بازرگانان دەتوانن وەک پێشوو هاتووچۆی خۆیان بکەن و دۆخەکە ئاساییە. ئەوەی کراوە لە دیوی ئێرانەوە تەنیا بۆ کۆڵبەرییە".
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتی، لە دۆخی ئاساییدا کۆڵبەران هەفتانە 6 رۆژ دەتوانن هاتووچۆ بکەن، تەنیا رۆژانی هەینی مافی هاتووچۆیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ